بگەڕێوە
گەڕانەوەی گاشەبەرد بۆ خەوی چیا شەرتێکی ساکاری هەیە
یەکێک بڵێ
ئەم بەفرە بێ هەزارەیە لە قڕانی پشکوتنی پەپوولە
کەی کەی ماندوو
ماندوو کەی دەبێ!؟
تەنیا خیزەڵانی بناران دەزانن
لە ناڵەی جودایی ئەم هەوایە
ژاناوی چ بۆرانێک لە بیرەوەری ڕەوەز شاراوەیە
بگەڕێوە
گەڕانەوەی تۆوی سۆێسنە و هەڵاڵە بۆ بانەمەڕ
شەرتێکی ساکاری هەیە
یەکێک بڵێ
ئەم زەمهەریرە بەفرانبار لێدراوە
لە باخی ئێمە
کەی کەی ماندوو
ماندوو کەی دەبێ!؟
تەنیا رەزەکان دەزانن
لە وایلۆگی غوربەتی ئەم هەوایە،
جەخاری چ خەوێک لە پێگەیشتنی ترێ شاراوەیە
بگەڕیوە
گەڕانەوەی پەڕەسێلکە بۆ لانەی با
شەرتێکی ساکاری هەیە
یەکێک بڵێ
ئەم با کەسنەزاناوایە لە بای بێ نیشتیمان
کەی کەی ماندوو
ماندوو کەی دەبێ؟!
تەنیا مەلانی لێرە تەرە بوو دەزانن
لە کۆچەریانەی ئەم هەوایە دا
جەخاری چ خەونێک لەم دارە بێ دایکە شاراوەیە
بگەڕێوە
گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ زێدی کۆتر و کەنعان
شەرتێکی ساکاری هەیە
کراسی بە جێماو، جێماو لە بۆنی ئاوێنە دەزانێ
گاشەبەرد و سوێسنە، پەڕەسێلکە و مرۆڤیش!
و: ئامانج